TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی: بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسروشتییەی كەركووك مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین

Rozan Ateş
Yazar
📅 18 Eylül 2023 19:10

پەیامی کورد... سەرۆك بارزانی: بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسروشتییەی كەركووك مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین


سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك كرد، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆیشی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 18/9/2023، لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك كرد، لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە، كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هۆشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقییە دابنرێت، كە لە دژی هاووڵاتییانی كورد لە كەركووك دەكرێت، ئەوەشی بە ئامادەبوان ڕاگەیاند: "بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسروشتییەی لە كەركووك هەیە، مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین، چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە." سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە كەركووك دەبێت بۆ هەموان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقڵ و مەنتق بەكار بهێنرێت.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد، كە بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتییانی كورد لە كەركووك تێدەگات، داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكی و ململانێی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك.

Paylas: