TR KU SO
FB X
Kurdistan

یەکێتیی ئەورووپا داوای ئازادی خێرای دەمیرتاش دەکات

Rozan Ateş
Yazar
📅 26 Aralık 2020 17:36

پەیامی کورد ... یەکێتیی ئەورووپا داوای ئازادی خێرای دەمیرتاش دەکات

 

یەکێتیی ئەوروپا، داوا لە تورکیا دەکات کە هەریەکە لە عوسمان کافالا، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسیی ئۆپۆزسیۆن بە خێرایی ئازاد بکات.

 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، “بە سیفەتی ئەوەی دەوڵەتێکی کاندیدە بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە تورکیا بەڵگە و کرداری بەرجەستە و بینراو نیشانبدات لە فەراهەمکردن و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان، کە گۆشەیەکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا پشتی پێدەبەستێت”.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەی نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، “ئەمە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی دادوەریی تورکیاشەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورورپا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی دەستبەجێی عوسمان کافالا و سەلاحەدین دەمیرتاش”.

 

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو، ژووری بەرپرسان لە دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەتوندی سەرکۆنەی ڕەفتارەکانی تورکیای کرد لە دۆسیەی دەمیرتاشدا و ڕایگەیاند کە پێویستە دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

 

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا، دەسەڵاتی تورکیا 10 لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلانی دەستگیرکرد، لەناویاندا هەریەکە لە هەوسەرۆکانی پارتەکە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگان یکسەکداخ دەستگیرکران، بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە و کار بۆ ئەوان دەکەن.

Paylas: