سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد
دووشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦ لە پیرمام، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراک نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد.
لە دیدارەکەدا کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ھەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و تووندوتیژی و ھەروەھا ھەوڵدان بۆ ھێورکردنەوەی پێشھاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و ھێزەکانی سووریای دیموکرات. ئاماژەشی بەوە دا کە بۆ کێشە و گرفتەکانی عێراقیش سوود لە حیکمەت و ڕێنوێنی سەرۆک بارزانی وەربگیرێت. ھەروھا تۆم باراک جەختی لەوە کردەوە کە ووڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەری خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرینگە ئەمەریکا پەیوەندی و شەراکەتی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت.
ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی کوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی کوردستان کراوە و ھێمای بەوەدا کە گەلی کوردستان ھەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و ویستویەتی کێشەکان دوور لە تووندوتیژی چارەسەر بکرێن. لەبارەی عێراقیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی وا دەکات کە عێراق گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندی گەلانی عێراقیش ھەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بکرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێیەکاندا بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەبێت و شەراکەتی نێوان ئەمریکا و عێراقیش ڕەچاو بکرێت. سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی داھاتووی عێراق پابەندی جێبەجێ کردنی دەستوور و بنەماکانی فیدڕاڵیزم بێت و ھەروەھا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت کە ھێشتا چارەسەر نەکراون و بۆ داھاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەک یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماکانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.
لەبارەی بابەتی سەرۆککۆماریش سەرۆک بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشکی گەلی کوردستانە پێویستە میکانیزمێکی شاییستە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار ھەبێت کە دەرخەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ڕاشیگەیاند کە چوارچێوەی ھەماھەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە کێ بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە کە سەرۆکوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بێت.
پڕۆسەی ناوخۆی ھەرێم و بارودۆخی ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆک بارزانی ھیوای خواست کە کێشەکانی ناوچەکە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت و ناوچەکە دوور بێت لە شەڕ و تووندوتیژی.