تیمی بەسکیتبۆڵی کچانی سنە گەیشتە خولی نایابی ئێران
پەیامی کورد... تیمی بەسکیتبۆڵی کچانی سنە گەیشتە خولی نایابی ئێران
تیمی بەسکیتبۆڵی کچانی سنە لە دوایین یاریی کێبڕکێکانی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی باسکەی ئێران، سەرکەوتنی بەدەست هێنا و چووە خولی نایابی بەسکیتبۆڵی کچانی ئێرانەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٢، دوایین یاریی کێبڕکییەکانی خولی سەرکەوتنی تیمەکانی باسکەی کچانی ئێران بۆ خولی نایاب، لەنێوان تیمی باسکەی کچانی سنە و تیمی بەسکیتبۆڵی کچانی مەشهەد، کاتژمێر ٨ی سەرلەئێوارە و لە یاریگەی باسکەی ئازادیی شاری سنە بەڕێوە چوو کە تیمی کچانی سنە بە بەدەستهێنانی ٦٥ خاڵ لە بەرامبەر ٦٣ خاڵی تیمی کچانی مەشهەد و بە مەودای ٢ خاڵ توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بڕواتە خولی نایابی بەسکیتبۆڵی کچانی ئێرانەوە.
شایانی باسە کە تیمی بەسکیتبۆڵی کچانی سنە لەلایەن ڕژێمەوە هیچ پێداویستییەکی وەرزشییان بۆ دابین نەکراوە و لەلایەن خواردنگەی «کەبایی شەیدا» ی شاری سنەوە سپۆنسەری دەکرێت و بەم هۆکارەشەوە ناوی ئەو خواردنگەیە وەکوو نازناوی تیمەکە دیاری کراوە.