هۆشداری لە بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت

هۆشداری لە بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت

پەیامی کورد... هۆشداری لە بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت


سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەگەر خەڵک لەسەر پابەندنەبوون بە رێوشوێنە تەندروستییەکان بەردەوام بن، لە رۆژانی داهاتوودا تووشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدان بە هۆیەوە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەبێت.

لەمبارەیەوە فەرەیدوون عەبدولمەلەکی، سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە رۆژی یەکشەممە 23-4-2023 گوتی، رۆژی شەممە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و 25 تووشبووی دیکەش لە نەخۆشخانە خەوێنراون و دۆخی تەندروستیی 4 کەسیان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕدان.

لای خۆیەوە حامید بەهرامیان، بەرپرسی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا 10 تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە کرماشان مردوون گەیشتووەتە 3 هەزار و 341 کەس.

حامید بەهرامیان دەڵێت: "کۆرۆنا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئەو کەسانەی 6 مانگ بەسەر وەرگرتنی دوایین قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنایاندا تێپەڕیوە، پێویستە قورچکی دیکە وەربگرن."

هاوكات سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری دەرمان، رۆژی 10.04.2023 گوتی، جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەشەنەی سەندووە کە پێشتر نەبووە و رایگەیاند، ئەو جۆرە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام وەک جۆرەکانی دیکە کوشندە نییە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران یەکەمجار رۆژی 18ی مانگی دووی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای لە ئێراندا پشتڕاستکردەوە ،بەپێی راپۆرتی وەزارەت تەندروستیی ئێران، لەو کاتەوە تووشبوونی 7 ملیۆن و 598 هەزار تۆمار کراوە و 145 هەزار و 534 تووشبووش مردوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە