پەیامی کورد ... گەورە هۆنەرمەندێکی ناوداری ئێران کۆچی دوایی کرد
موحەمەد ڕەزا شەجەریان، هونەرمەندی ناوداری ئێرانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
موحەمەد رەزا شەجەریان، هونەرمەندی ناوداری ئێرانی لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری مەشهەد لەدایكبوە، بنەماڵەی شەجەریان بنەماڵەیەكی ئایینی بوون و لەتەمەنی ٩ ساڵیدا لەلایەن باوكیەوە پرۆڤەی قورئانخوێندنی پێدەكراوە و ساڵێك ناخایەنێت وەك كەسێكی دەنگ خۆش لەشارەكەیدا ناوبانگ دەردەكات و لەكۆڕ و مەراسیمە ئایینیەكان قورئان دەخوێنێتەوە.
بۆ یەكەمین جار لەساڵی ١٩٥٢ دەنگی شەجەریان لەرادیۆی پارێزگای خوراسان بڵاوبوەوە، ماوەیەك بو باری تەندرووستی تێكچووبوو، ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەیەكجاری ماڵئاوایی لە هەوادارانی كرد.
شەجەریان لە ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ مامۆستایەكی مۆسیقا ئاشنا دەبێت و بەشێوەیەكی ئاماتۆر لەڕادیۆی خوراسان ئاواز و قورئان دەخوێنێتەوە، پاش ساڵێك لەكوڵیژ وەك مامۆستای قوتابخانە لەقوتابخانەی "خاجە نیزامولمولك" وانە دەڵێتەوەو لەو ساڵانەدا خۆی فێری ژەنینی ئامێری سەنتوور دەكات.
شەجەریان لەساڵی ١٩٦١ لەگەڵ خاتو فەرخوندە گوڵ ئەفشان، ئاشنا دەبێت و لەشاری كوردنشینی قوچان پێكەوە ژیانی هاوبەش دەستپێدەكەن و ماوەی ٣٠ ساڵ پێكەوە دەژین و دەبنە خاوەنی سێ كچ و كوڕێك، لە ساڵی ١٩٦٢ دەبێتە بەرپرسی قوتابخانەی گوندی شائاباد و هەر لەم ساڵەدا یەكەمین منداڵیان بەناو راحیلە لەدایك دەبێت، لە ساڵی ١٩٦٤ دووەمین كچی بەناو “ئەفسانە” لەدایك دەبێت.
لەساڵی ١٩٦٦ بۆ پەرەپیدانی كاری هونەری دێتە تارانی پایتەخت و لەگەڵ مامۆستا گەورەكانی مۆسیقای ئێران ئاشنا دەبێت، شەجەریان سەرەتا بەنازناوی “سیاوەش بیدكانی” خوێندنی ئاواز لەڕادیۆی ئێران دەستپێدەكات و دەنگی شەجەریان بۆ یەكەمین جار لەڕێی رادیۆوە بۆ خەڵكی ئێران پەخش دەبێت.
لەساڵی ١٩٨٢ بەهاوكاری جەمشید عەندەلیبی (هونەرمەندی كورد) و داریوش پیرنیاكان كۆنسێرت لەئەمریكا و ئەوروپا ئەنجامدەدەن و لەو ساڵانەدا چەندین ئەلبوومی وەك “دڵی مەجنوون” و “سەرووی چەمان” و “یادی ئەیام” و “ئاسمانی عەشق”ی بەهاوكاری گرووپی مۆسیقای “ئاوا” رەوانەی بازاڕی مۆسیقا كرد.
شەجەریان چەندین ساڵە خەریكی دروستكردنی ئامێری نوێ مۆسیقاییەو تا ئێستا توانییەتی ئامێرەكانی وەك “ساغەر” و “كرشمە” و “سەبو” و “توندەر” و باربود” و “ئەرغەنون” و “سوراحی” و “شەهری ئاشوب” بخولقێنێت و بیانكاتە بەشێك لە مۆسیقایی كلاسیكی ئێران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە