چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق دەکرێت

چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق دەکرێت

پەیامی کورد... چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق دەکرێت


وەزیری پلاندنانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری دیپلۆماتیی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند دوای چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەیوەست بە سەرژمێریی و زەمینەسازیی تەواو بۆ ئەو پرۆسەیە، حکومەتی عێراق لە کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای زستانی 2024 سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام دەدات.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (الصباح)، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوە دا کە پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2024، عێراق سەرژمێریی دانیشتووان دەکات دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە لەسەر سەرژمێرییەکە لەو کاتەدا و هەروەها لەگەڵ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو پرۆسێسە، جەختیشی لەوە کردەوە کە چارەکی کۆتایی 2024 کاتێکی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە.

لای خۆشیەوە نێستۆر ئۆمۆهانجی، بەڕێوەبەری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە دانیشتووان-ئۆفیسی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە سندووقەکەیان ئامادەیی تەواوی تیادایە هاریکاریی وەزارەتی پلاندنان و دەزگای ئاماری ناوەندیی عێراق بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو سەرژمێرییە لەو کاتەی بۆیان دیاری کردووە.

مەهدی عەللاق، راوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە دانیشتووان-ئۆفیسی عێراق، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە عێراق لە ساڵی 2020ەوە پرۆژەی سەرژمێریی هەیە و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەری و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە سەرژمێرییەکە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی و کارگێڕیی بەکار نەهێنرێت.

عەللاق لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی دواهەمین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێکڕای گەشەکردنی دانیشتوان لە عێراق دابەزیوە بۆ (2،53%) لە کاتێکدا 10 ساڵ پێشر (3%) بوو، بە وتەی ئەو راوێژکارە ئەو رێژەی گەشەکردنەش هێشتا هەر بەرزە.

بەپێی وتەکانی ئەو ڕاوێژکارەی سندووقەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەم زووانە وادەی دیاریکراوی سەرژمێرییەکە لە لایەن لیژنەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان ئاشکرا دەکرێت و لەگەڵیشیدا کارمەند و ستافی پێویست بۆ ئەنجامدانی کارەکە تەرخان دەکرێت، "لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێرییەک کە شاییستەی ناوبانگە مێژووییەکەی عێراق بێت لە ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوواندا".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە