وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا : داهاتی ڕێکخراوە تێروریستییەکانی " قاعیدە و داعش " ئاشکرا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا : داهاتی ڕێکخراوە تێروریستییەکانی " قاعیدە و داعش " ئاشکرا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، داهاتی دارایی ڕێكخراوی " قاعیدە " ئاشكرا دەكات و دەڵێت داهاتی ئەو ڕێكخراوە، تا ڕادەیەكی زۆر داهاتە داراییەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"ی تێپەڕاندووە و 10 بۆ 20 هێندەی داهاتەكانی داعش دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا كە بەشێوەیەكی ورد چاودێری دەستەكەوتە داراییەكانی ڕێكخراوە توندڕەوەكان دەكات، لە دوایین لێدوانیدا لەو بارەیەوە، پێیوایە داهاتەكانی ڕێكخراوی قاعیدە زۆر لە داهاتە داراییەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" زیاترە و ئەو زیادەیەش بە بڕی 40 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا مەزەندە دەكات.
دیمتری فیكتیستۆڤ، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەكان و هەڕەشەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە ”لەئێستادا و دوای داخستنی سەرچاوەی كۆمەكە داراییەكان، و دوای رێگرتن لە بازرگانیكردنی نەوت لەلایەن ڕێكخراوی داعش، ئەوەش لەڕێی هێزە چەكدارەكانی ڕووسیاوە، داهاتی مانگانەی ڕێكخراوی داعش نزیكەی 3 ملیۆن دۆلارە”.
هەر بە وتەی فیكتیستۆڤ”لەهەمان كاتدا كۆی گشتی داهاتی شانەكانی ڕێكخراوی (قاعیدە) كە لە هەموو ناوچەكانی جیهاندا بڵاوەیان كردووە، لەنێوان 20 بۆ 40 ملیۆن دۆلاردایە”.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە