سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا : شەڕی ئێمە لەگەڵ بەشار ئەسەد نییە

سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا : شەڕی ئێمە لەگەڵ بەشار ئەسەد نییە

ئێدوار فیلیپ، سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند لە میانی ئەنجامدانی هێرشەكاندا، فەڕەنسا جەنگی دژ بە سووریا یان ڕژێمی بەشار ئەسەد بەرپا نەكردووە و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوەی دوژمنی فەڕەنسایە، داعشە نەوەك سووریا.

ئێدوار فیلیپ ڕایگەیاند تا ئەوانەی چەكی كیمیاییان لە سووریا بەكارهێناوە سزا نەدرێن، ئەستەمە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە و دووپاتی كردەوە كە فەڕەنسا لە پێناو ئەوە بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەكانی دابوو.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باسی لە یەكچوونی هێرشەكانی سەر سووریا وەك ئەو هێرشانەی كە ئەمریكا لە ساڵی 2003 بۆ سەر عێراق ئەنجامیدا، سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا وتی: “ئێمە نیازی ڕووخاندنی ڕژێمی سووریامان نییە”.

لای خۆیەوە ئەندامی پەرلەمانی فەڕەنسا لەسەر پارتی یەكێتی سەربەخۆ و دیموكراتییەكان، فرانك رسیتەر ڕایگەیاند كە زۆر گرنگە جارێكی دیكە فەڕەنسا متمانە لەگەڵ توركیا و ڕووسیا دروست بكاتەوە و ووتی: “پێویستە دەست بە پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بكرێت”.

فرانك رسیتەر ئەوەشی وت “ئێمە ئەو هێرشەمان بە تەنها بەبێ‌ بوونی هاوپەیمانییەك لە یەكێتی ئەورووپا ئەنجامداوە”.

هاوكات ئەندامی پەرلەمانی فەڕەنسا لە پارتی کۆمۆنیست، جان پۆڵ لۆكۆ ڕایگەیاند دەرگای ئاشتی لە سووریا بە دەست رووسیایە.

بە پێی دەستووری فەڕەنسا، پێویستە حكوومەت لە میانی سێ‌ ڕۆژدا، زانیاری لەسەر هەر هێرشێك كە لە دەرەوەی سنووری ئەنجام بدرێت، بە پەرلەمان بدات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە