پەیامی کورد ... ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەێنێت : وەزارەتی بازرگانی عێراق و رێكخراوی دەبلیو ئێف ئۆ، بە هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، پسوولەی خۆراك بە ئێلێکترۆنی دەكەن.
فەتحی محەمەد، ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی بە ئێلێکترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە شێوەی تاقیکردنەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ووتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا لە سنووری دهۆك چەند بریكارێك وەك نموونە سەرقاڵی ئەو كارەن و لە دوو پارێزگای دیكەی عێراقیش پڕۆژەكە لە قۆناغی تاقیكردنەوەیە و تا ڕادەیەكیش سەركەوتنی بە دەست هێناوە.
فەتحی گوتیشی، بە گوێرەی سیستەمە تازەكە، پسوولەی خۆراك نامێنێت و پەنجەمۆری سەرۆكی خێزان و ئەندامانی وەردەگیرێت و سەرۆكی خێزان تەنها مافی ئەوەی دەبێت مانگانە بڕە خۆراكە كه وەربگرێـت، ئامانجیش لەو پڕۆژەیە، زانینی داتایەكی درووستە لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشەخۆراك وەردەگرن یان رێنماییەكان دەیانگرێتەوە بۆ ئەوەی وەریبگرن.
ناوبراو دەشڵێ: "دوای تەواوبوونی ماوەی تاقیکردنەوەی، پرۆسەكە سەرجەم بریكارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چوونكە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، پرۆسەكە سەركەوتوو بووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە