مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەڕەنسا دەکات

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەڕەنسا دەکات

پەیامی کورد     ...     مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی فەڕەنسا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 25 ی ئایاری 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد کە پێکهاتبوو لە فرانسوا دۆما سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگری نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا ، فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی فەرەنسا، برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیە دیکۆتینى، کونسوولی گشتی فەرەنسا لە هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا. 

شاندی فەرەنسا جەختی لە گرینگی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیری و درێژەدان بە پشتیوانی حکوومەتی هەرێم.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسای کرد کە هەمیشە لە قۆناغە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە ، بە تایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە گەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەت فیدراڵی، گرینگی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان  و گرینگی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە