پەیامی کورد … وەزارەتی تەندروستی دەنگۆیەك لە بارەی نەخۆشخانەی هیوا رەتدەكاتەوە
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان بە كەرتی تایبەت دەفرۆشرێت و رایدەگەیەنێت "ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستی، بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی كێشەكان چارەسەر دەكرێن".
لە روونكردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە: " نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، تەواوی خزمەتكردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستكردن و فراوانكردن و دابینكردنی ئامێر و پێداوستییەكان لە بواری جێبەجێكردندان، ئەمە وێڕای دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تیشكیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان كە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە".
وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشكردووە: "هاووڵاتییان و پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەكانی دیكەی شێرپەنجە دڵنیادەكەینەوە كە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر كێشە و كەموكورتی و پێداویستیەكیان وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانی و پابەندبوون بە رێنماییەكانی چاكسازی و هەمواركراو چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانكاریەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە