گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

پەیامی کورد... گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت


گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:"نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقن."

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 31/5/2023، د. جووتیار عادل، گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێك و لەبارەى گەڕاندنەوەى پاشەکەوتی مووچەشەوە رایگەیاند: "ئێمە زۆر زووتر داواى گەڕاندنەوەى مووچەى فەرانبەرانی هەرێمی کوردستانمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە و داواشمان کردووە بەسەریەکەوە بدرێتەوە، نەک بە ڕێژە و قیست."

پاش ئەو گۆڕانکارییە تاکڕەوانەی لیژنەى داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پڕۆژەیاساى بودجە دژى هەرێمی کوردستان کردیان، ڕۆژى سێشەممە، ٣٠ى ئایارى ٢٠٢٣، سەرۆکی فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژى حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو پێشهاتانە کرد.

گوتەبێژى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکوومەت، فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژى حکوومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، وردەکاریی ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق خستنە ڕوو؛ تێیدا ڕامانگەیاند پابەندی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەین کە لەگەڵ کابینەکەى محەمەد شیاع سودانی کراوە، چونکە بە ئیرادەیەکی ئازادانەى هەردوو لا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە."

لەبارەى هەڵوێستی نوێنەرایەتیی وڵاتان لەوبارەوە دەڵێت: "خۆشبەختانە نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و دۆستانی کورد، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان لە نێوان هەردوو لادا دووپات کردەوە."

د.جووتیار عادل راشیگەیاند: "بەداخەوە، ئەو پێشهاتە دەستوورییەى لە لیژنەى داراییی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان کراوە، پێچەوانەى دەستوور و ڕێککەوتنی هەردوو لایە. گۆڕانکارییەکان کە لەلایەن لیژنەکەوە کراوە، پێچەوانەى ڕێککەوتنی هەرێمی كوردستان و کابینەى نوێی حکوومەتی عێراقە؛ بۆیە پێمان وایە پڕۆژەیاساى بودجەی عێراق ماف و ئەرکەکانی هەردوولا بەپێی دەستوور دەستنیشان بکات، نەک بەو پێشێلکاریانە. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان هێزەکان هەبێت، پێویستە ڕەنگدەرەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، چونکە ئەمە ڕێککەوتنی نێوان دوو حکومەتە نەک نێوان دوو کەس. لەبەر ئەوە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ عێراقدا."

لەبارەى هەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی لەسەر ڕێککەوتنەکە، رایگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆى جێبەجێ بکرێت و خواستێکی بەهێزى بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەیە."

لەبارەى پرسی گەڕاندنەوەى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی کوردستان و ڕێگەدان بە خودی پارێزگاکان بۆ پەیوەندیبەستنی ڕاستەوخۆ بە حکوومەتی فیدراڵەوە، د.جووتیار عادل رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەر هەنگاوێکین بۆ دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام قەوارەى هەرێمی کوردستان لای خەڵک لە پێش هەموو شتێکەوەیە. لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو مووچەیەى حکومەتی عێراق لە فەرمانبەرانی بڕیوە، لە هەموو پڕۆژەیاسایەکی بودجە جێگیر کراوە کە باس لە گەڕاندنەوەى ئەو مووچانە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات؛ داواى ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەر یەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە نەک بە ڕێژە و قیستی ساڵانە. بەداخەوە ئەوەش بۆ موزایەدە و دەستکەوتی سیاسی بەکار هێنراوە. ئێمە نەک بۆ گەڕاندنەوەى مووچە، بەڵکوو داواى قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالکراوانیشمان کردووە کە ڕژێمی پێشوو بەو تاوانانە هەستاوە. ئەوەش لە ماددەى ١٣ى پڕۆژەیاساى بودجە جێگیر کراوە. بۆ ئەمەش دیوانی چاودێریی هەردوو لایەنەکە بۆ سەرپەرشتیی ئەو کارە و پاکتاوکردنی پرسە داراییەکان ڕاسپێردراون."

لەبارەى هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ لەسەر بڕیارى دادگەى فیدڕاڵی بۆ ڕەتکردنەوەى درێژکردنەوەى ماوەى پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند: "وەک حکوومەتی هەرێمی و سەرۆکی حکوومەتیش، ئامانج ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەوە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان؛ چونکە هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانیی باش.''

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە