پەیامی کورد... ئەمریکا بە بەهای ١٦٥ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئۆکراینا دەفرۆشێت
سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی بە بەهای ١٦٥ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئۆکراینا بفرۆشێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی بە بەهای ١٦٥ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئۆکراینا بفرۆشێت ئەوەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ دووشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی کۆبوونەوە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، کۆنگرێسی ئەمریکا لەو گرێیەستە ئاگادارکرایەوە کە گوللە تۆپی عەیار ٥٢ ملیمەتر و ١٥٢ ملیمەتر، گوللە هاوەنی ١٢٠ ملیمەتر، هەروەها نارنجنۆک و چەکی جۆری "2Sl Gvozdika" دەگرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئاژانسی هاریکاریی ئاسایش و بەرگریی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گرێبەستەکە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستیش بە ئۆکراینا، دەگرێتەوە.
پڕۆسەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنیی بە ئۆکراینا لەلایەن کۆنگریسەوە پێداچوونەوەی بۆ ناکرێت، چونکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ڕوونکردنەوەیەکی ورد و تێروتەسەلی لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو و ڕایگەیاند، پێویستە چەک و تەقەمەنیی بەرگریی بە ئۆکراینا بفرۆشن کە ئەو هەنگاوەیش لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دایە.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە "پڕۆسەی فرۆشتنی چەک بە ئۆکراینا، پاڵپشتیی دەکات لە سیاسیی دەرەکی و ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەیش لەمیانی باشکردنی ئاسایشی دەوڵەتیی هاوبەش کە هێزی سەقامگیری سیاسی و پێشکەوتنی ئابوورییە لە ئەورووپا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە