پەیامی کورد... وڵاتانی جیهان داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئۆکراینا جێ بهێڵن
هەریەک لە کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و فینلاند چوونە پاڵ ئەو وڵاتانەی داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە بە زووترین کات ئۆکراینا جێ بهێڵن، بەهۆی ئەو بارگرژییەی ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.
میلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا هانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیدا بەخێرایی ئۆکراینا جێ بهێڵن و وتی، لە کاتێکدا درێژە بە کارکردنی چڕ لەگەڵ هاوبەشانمان دەدەین و چاودێری ڕەوشەکە دەکەین، هانی سەرجەم کەنەدییەکان لە ئۆکراینا دەدەین ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و وڵاتەکە جێ بهێڵن.
سکوت مۆریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا-ش داوای لە هاووڵاتییەکانی وڵاتەکەی کرد ئۆکراینا جێ بهێڵن و وتی، «ڕێز لە بڕیارەکانیان دەگرین، بەڵام ئامۆژگارییەکەمان زۆر ڕوونە: ئەمە دۆخێکی زۆر مەترسیدارە و لەپێناو سەلامەتیتان، پێویستە هەوڵ بۆ جێهێشتنی ئۆکراینا بدەن».
هەر دوو حکومەتی نیوزلەندا و فینلاندیش هەمان داواکارییان ئاراستەی هاووڵاتییانیان کرد.
دوێنێش هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و لاتیڤیا داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد ئۆکراینا جێ بهێڵن.
ئەو ڕەوشە لە کاتێکدایە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیا ڕووی لە زیادبوون کردووە، دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕووسیا هێزی زیاتری لە سنوورەکانی ئۆکراینا بڵاوە پێکردووە و «لە هەر ساتێکدا بێت» هێرشی سەربازی دەست پێ دەکات.
لە بەرامبەردا ڕووسیا لە زاری بەرپرسانییەوە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە هیچ نیازێکی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا نییە و، جموجۆڵە سەربازییەکانی لەنێو سنوورەکانی خۆیدایە و هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ لایەک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە