پەیامی کورد ... دوێنێ سێشەممە، 11/2/2020 سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا كۆ بوونەوە و باس لە پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لە بەغدا كرا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لەبارەی كارەكانی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییەوە دەڵێ، ڕەشنووسێك ئامادە كراوە و دراوە بە سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، لە چەند رۆژی داهاتووشدا لەسەر ئەو پرسە كۆدەبینەوە.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی ئێمە و سەرۆك فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم كۆبووینەوە و باس لە پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانی كرا، لە ئێستادا هەنگاوەكان گیراونەتە بەر و ڕەشنووسێك ئامادە كراوە بۆ پەیڕەوی ئەم هاوپەیمانیەتییە، كە دراوەتە سەرجەم فراكسیۆنەكان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بكەن و تێبینیی خۆیانی لەسەر بدەن."
حەداد دەشڵێ: "وەكوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لەم چەند رۆژەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەین بۆ ئەوەی تێبینییەكانی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا لەسەر ڕەشنووسەكە وەربگرین، ئینجا هەمووی یەكدەخەین و ڕەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی دەكەین".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی دا: "هیوادارین ئەو هاوپەیمانێتییە بە زووترین كات پێك بێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتری بكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە