وەزارەتى سامانەسروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند " ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "بۆ ئەم مەبەستە چەندینجار سەردانی بەغدادمان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا".
ئەوەش روونکراوەتەوە "دوایین جاریش لە رۆژانی 19 و 20ـى مانگى ئايار لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته".
بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى هەناردەى نەوت بۆ بەندەرى جەیهان، پێشتر وەزارەتى نەوتى عێراق پێشنیازێکى نوێى خستە بەردەم حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، "داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنەری کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە بێنە بەغداد".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بە ئامانجی رێککەوتنە لەسەر خێراکردنی دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکی، بەو بڕەی لە یاسای بودجەدا چەسپێندراوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە