پەیامی کورد ... پیرۆزبایی یەکی گەرم لە لایەن سەرۆک بارزانی یەوە بە بۆنەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان ەوە
سەرۆک بارزانی لە ٦١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوبەر و کارمەندانی ئێزگەکە کرد و ھیوای خواست ئێزگەکە بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەڕێوبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان
بە بۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی خۆشەویست و جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم.
ھیوادارم ئیزگەکەتان کە یادگاری شیرین و کاریگەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، لە گەشەکردن و پێشکەوتندا بێت.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان لەو ڕۆژگارە سەخت و پڕ شانازییەدا، ھەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش و ھەواڵەکانی نەبەردی و داستانەکانی پێشمەرگە بە خەڵکی خۆڕاگری سەرانسەری کوردستان و ڕێگەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بە ڕای گشتی عێراق و ناوچەکە و جیھان.
ھەر لەم بۆنەیەدا، سوپاسی ھەموو ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە بەردەوامی و زیندووھێشتنەوەی دەنگی دلێری ئێزگەی دەنگی کوردستاندا ھەبووە. داواتان لێدەکەم بەردەوام بن لە کارکردنی میدیایی ڕاستگۆ و سەنگین و دەستگرتن بە بەھا نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆڤانییەکان و بەردەوامی بەو نەھجە ئازاد و شۆڕشگێڕانە و دیموکراسیە بدەن کە ئەو ئێزگەیەی لە پێناودا دامەزراوە.
ھەر سەرکەوتوو بن
مەسعوود بارزانی
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە