پەیامی کورد... مەولوود چاوشئۆغڵو: وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئەنتاڵیا کۆ دە بنەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند لەگەڵ هاوتا ڕووسی و ئۆکراینییەکەی لە ١٠ی ئادار کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە ئەنتاڵیا ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٧ ی ئاداری ٢٠٢٢ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و ئەو بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و هێنانەدی ئاشتییەکی یەکجارەکی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، بەر لە سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولەبا دواوە و داوای لێکردوون کە بەشدار بن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا کە لە ١١ تا ١٣ی ئادار بەڕێوە دەچێت.
مەولوود چاوشئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر مێزی دانوستان، گوتی: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بەڕێز سەرۆککۆمار (ی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لەگەڵ (سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر) پۆتین دا باسی ئەم بابەتە کرا. دواتر لاڤرۆڤ ڕایگەیاند کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەنتاڵیادا دەکات. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولەبا پێی ڕاگەیاندم کە بەشداری دەکات. هەردوولا داوایان کرد منیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بم و کۆبوونەوەکە بە شێوەی سێقۆڵی بێت. خوا یار بێت ١٠ی ئادار کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدەین. هیوادارین ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هۆی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری".
هەروەها باسی لەوەش کرد، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی تا زووە پێکدادانەکان بوەستێندرێن و ئاشتییەکی یەکجارەکی ناوچەکە بگرێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە