پەیامی کورد ... "ناردنی ٣٢٠ ملیار دینار لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی بودجەی داھاتوو بەردەوام دەبێت"
دوای ئەوەی دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و عێراقدا لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداوە ئەنجام درا، بڕیار درا مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت تا ئەوکاتەی بودجەی نوێ پەسەند دەکرێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بووە ھۆی ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند : ''ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لە نێوان ھەردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی عێراقدا ئەنجام درا، بووە ھۆی ئەوەی لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان ھەرێم و بەغدا درووست بێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوولا.
د. ڤیان سەبری ووتیشی: "ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بووە ھۆی ئەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بن، بۆیە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە زۆر گرینگ و ئیجابی بوو، چوونکە کێشەکانی نێوان ھەردوولای چارەسەر کرد.''
باسی لەوەش کرد: "بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو٣٢٠ ملیارەی حکوومەتی بەغدا بڕیارە بۆ ھەرێم ڕەوانەی بکات، ڕەوانە بکرێت."
د. ڤیان سەبری گوتیشی: "ئەو لێکتێگەیشتنە زۆر گرنگە و ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە گرنگیی ھەبوو و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش، ھەربۆیە گرینگی زۆری ھەیە بۆ ھەردوو لا."
خالید شوانی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ڕایگەیاندووە: "لە دوای زنجیرەیەک سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و ۱۲ جار گۆڕینەوەی پێشنیار و تێبینی، دوێنێ لە نێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیدا گەیشتە دواقۆناغ و ڕێککەوتنەکە ڕاگەێندرا."
خالید شوان دەشڵێت: "پڕۆسەی دانوسانەکە ھەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆوە بینی و دانوسانێکی قورس و ئاڵۆز بوو و لە یەک کاتدا ھەوڵەکانمان ھەم بۆ دابینکردنی مافە دارییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھەم بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، ڕێککەوتنەکە تاکو ئیقرارکردنی یاسای بودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوستان لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ دەست پێ دەکەینەوە."
ئەو دەڵێت: ''بەپێی ڕێککەوتنەکە مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت."
شوانی باسی لەوەش کردووە کە ''ڕێککەوتنەکە کۆمەڵێ مەلەفی تری وەک بابەتی چاودێری و وردبینی و میکانیزمی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەلەفاتی تری دارای و ئابووری لەخۆ دەگرێت."
لە کۆتاییدا دەڵێت: "ڕێککەوتنەکە میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داھاتی خاڵە سنوورییەکانی لەخۆ گرتووە کە بەپێی یاسای ئیدارەی داراییی فیدراڵی، ژمارە ٦ی ساڵی ۲۰۱۹ دەبێت و، سوپاس بۆ ھەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانەی ھاوکار و پشتیوانمان بوون و سوپاس بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان کە سەرەڕای زۆری موعاناتەکانیان پشوودرێژ بوون لەگەڵمان."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە