مەسرور بارزانی: گەلی کوردستان لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری خواست و مافەکانی نابێت

مەسرور بارزانی: گەلی کوردستان لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری خواست و مافەکانی نابێت

پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: گەلی کوردستان لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری خواست و مافەکانی نابێت

لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، داوای لە هاووڵاتیان کردووە ”لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن“.

مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاندووە: ”جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک“.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی پشوو، لە کەشێکی ئارام و شادی وخۆشیدا بەسەر ببەن. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن.

 

لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان به خەبات و ئازاديی و ڕزگاربوون بووە. گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت.

لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە ڕەواکانیدا، ڕۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە.

نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە