پەیامی کورد … سەرۆك بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێزدییەكانەوە نییە
سهرۆك مهسعود بارزانى له یادى حهوت ساڵهى جینۆسایدى شنگالدا ڕاى دهگهیهنێت: "ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە، هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئهمڕۆ سێشهممه 3/8/2021، سهرۆك بارزانى له یادى حهوت ساڵهى جینۆسایدى شنگال پهیامێكى بڵاو كردهوه، و دهڵێت: "شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا، ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران".
سهرۆك بارزانى ههروهها ئاماژهى بهوه داوه: "جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە، هەر ئەوانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال".
دهقى پهیامهكهى سهرۆك بارزانى:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و، ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
لە حەفتەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، بە ڕێز و شكۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەینەوە كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.
جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. لێرەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام. داواشیان لێ دەكەم لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و، ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
مسعود بارزانی
٣ـی ئابی ٢٠٢١
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە