سعودیه‌ له‌ تاران و مه‌شهه‌د باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌ ده‌كاته‌وه‌

سعودیه‌ له‌ تاران و مه‌شهه‌د باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌ ده‌كاته‌وه‌

پەیامی کورد... سعودیه‌ له‌ تاران و مه‌شهه‌د باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌ ده‌كاته‌وه‌

رۆژنامەی "ئەلوەتەن"ی سعودی، بڵاویكرده‌وه‌ باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی سعودیە لە مەشهەد دوای جەژنی قوربان دەکرێنەوە.

دەربارەی رۆژی دەستپێکی کارەکانی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکەش هیچ بەروارێک نەخراوەتەڕوو.

فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە میانەی سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەربارەی ئەم بابەتە گفتوگۆی کردبوو.

دوای کۆبوونەوکەش بن فەرحان لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دووبارە باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە کراوەتەوە، وتیشی: "بەم نزیکانە لە تاران باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان دەکرێتەوە. ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بابەتێکی گرنگە. هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا پێگەیەکی گرنگیان هەیە".

کۆتا سەردانی بەرپرسانی سعودیە بۆ ئێران لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە، نزیکەی ١٧ ساڵ بەر لە ئێستا بووه‌. پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان سعودیە و ئێران، دوای ئه‌وه‌ پچڕا كه‌ له‌ كانوونی دووه‌می ٢٠١٦دا سعودیه‌ ٤٧ کەسی بە تۆمەتی "تیرۆر" له‌ سێداره‌ دا لە نێویاندا پیاوی ئاینی شیعه‌، نەمر نه‌مر، هەبوو.

ریاز و تاران کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە میوانداریی عێراق و عومان دەستیان بە دانوستانەکان كردبوو، لە ١٠ی ئاداردا به‌نێوه‌ندگیریی بەرپرسانی چین لە پەکین، رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لە ماوەی دوو مانگدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستپێبکەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوتا سعودییەکەی، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان لە ٦ی نیساندا لە پەکین کۆببوونەوە و رێككه‌وتبوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هه‌ردوو وڵات، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاریی له‌ وەرگرتنی ڤیزه‌.

ئێران لە ٢٣ی ئایاردا بڵاویكرده‌وه‌، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی، عەلی رەزا عینایەت، وەک باڵیۆزی ئێران له‌ ریاز دەستنیشان کراوه‌. لە ٦ی حوزەیراندا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە و لە ٨ی حوزەیرانیشدا کونسوڵخانەی وڵاته‌كه‌ له‌ جددە کرایەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە