پەیامی کورد... حوسییەكان هێرشیان كردە سەر دوو كەشتی ئەمریكی
دوو كەشتی كە ئاڵای ئەمریكایان لەسەر بووەو هەڵگری باری وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوون، لە نزیك یەمەن و لەلایەن حوسییەكانەوە هێرشیان دەكرێتە سەر.
فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (CENTCOM) لە ڕاگەیەندراوێكیدا بڵاویكردۆتەوە، حوسییەكان سێ مووشەكی بالیستیكی دژە كەشتیان لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵیان لە یەمەنەوە بەرەو كەشتی مەیرسك دیترویت و مەیرسك چیساپیك هەڵداوە كە تەنها یەكێك لە مووشەكەكان بەر ئامانجەكەی كەوتووەو دوو مووشەكی دیكەش خراونەتە خوارەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، هێرشەكان هیچ زیانێكی مرۆیی و ماددی لێنەكەوتۆتەوە.
چاودێران دەڵێن، حوسییەكان بە پەلاماردانی ئەو كەشتیانەی بە تەنگەی بابولـمەندەبدا تێدەپەڕن، مەترسی زیادكردنی ململانێكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر كردووە.
هاوكاتی ئەم ڕووداوانە، دەسەڵاتدارانی حوسییەكان ڕایانگەیاندووە، مۆڵەتی یەك مانگیان بۆ هەموو كارمەندانی ئەمریكی و بەریتانی و نووسینگەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ كە بنكەكانیان لە شاری سەنعادایە، دیاری كردووە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
حوسییەكان ئەم بڕیارەیان لە وەڵامی هێرشەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر پێگە سەربازییەكانیان داوە، هەفتەی ڕابردوو لە كاردانەوە بە هێرشە مووشەكییەكانی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە نێودەوڵەتییەكان لە دەریای سوور، ئەمریكا جارێكی دیكە ئەو گرووپەی خستەوە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستیەكان و هەروەها تاكو ئێستاش چەند خولێكی هێرشی ئاسمانی لەگەڵ بەریتانیا بۆ سەر ئەو گرووپەو پێگەكانی بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەكانیان، ئەنجامداوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە