مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پەیامک بڵاو دەکاتەوە

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پەیامک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد     ...   مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پەیامک بڵاو دەکاتەوە

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی راپه‌ڕینی 1991ی خه‌ڵكی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كوردستانیان، به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كرد.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانیەوە، توانرا دەستکەوتی مەزن بەدەست بهێندرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لە ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانیەوە، توانرا دەستکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.

یەکێک لە پەیامە گرینگەکانی راپەڕینی 1991 ئەوەبوو، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.

ئەمڕۆش پێویستە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕوتینی کاتی راپەڕین، بەرگری لە دەستکەوت و مافە رەواکانیان بکەن، کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون. 

ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەك داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە