پەیامی کورد... ژنە بەندکراوێکی سیاسی کورد لە ئورمیە مانی لەخواردن گرت
بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەی و ناڕوونی چارەنووسی مانی لە خواردن گرت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٢، گوڵاڵە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانگرتن لە خواردنی خۆی ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە لەو بارەوە وتی: «گوڵاڵە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەی و ناڕوونی چارەنووسی و هەروەها وەڵامدەر نەبوونی بەرپرسانی بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە.
یەکێک لە نزیکانی گوڵاڵە مورادی لەو بارەوە ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعات دوای ١٠ مانگ هەتا ئێستا ئیزنی نەداوە کە گوڵاڵە لە گەڵ پارێزەرەکەی قسە بکات و ئیزنیشی نەداوە کە پارێزەرەکەی دۆسیەکەی بخوێنێتەوە
گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر دان بەو شتانەی کە ئەوان دەیانەوێت دەنێت، ئەوا دوو کوڕەکەی کە پێشتر لەگەڵ خۆی دەستبەسەر کرابوون بەرەوڕووی سزای قورس دەبنەوە.
تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی دەستی هەنگاو کەوتووە کە تێیدا دەڵێت: «لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجە و ئازار دراوم هەتا ئەو شتانەی کە ئەوان دەیانەوێت بە ئەستۆ بگرم و هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئەو کارە نەکەم ئەوا کوڕەکانم دێنن و لەپیش چاوی خۆم ئەشکەنجە و ئازاریان دەدەن».
گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵاڵە مورادی بە ناوەکانی تاهیر بەزازی و مەتزین بەزازی تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە