نێچیرڤان بارزانی و چاووش ئۆغلۆ کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی و چاووش ئۆغلۆ کۆبوونەوە

پەیامی کورد  ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ستایشی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ توركیا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، هه‌روه‌ها خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ربڕی و هه‌موو ئاسانكارییه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كار و سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنانی توركی له‌ هه‌رێمی كورستان نیشان دا و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ل توركیا به‌ گرنگ و ستراتیژی ناوزه‌د كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/4/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌ولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركیا، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی، هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی زیاتری سنووری، هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ بواره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، دۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 و پێكهاته‌كانی و هه‌رێمی كوردستان و عێراقیان به‌گشتى تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز چاووش ئۆغڵو وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ چۆن له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، ئێستاش خوازیاری په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا توركییه‌كان ده‌توانن له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش كار و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی عێراق و توركیا له‌ پرسی ئاو و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌یسی ئاودا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق و كونسولی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان به‌شدار بوون، دۆخ و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی خرانه‌ به‌ر باس.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە