پڕۆژەیاسایەك بۆ خانەنشینی سەربازی لەهەرێمی كوردستان ئامادەدەكرێت و پەرلەمانتارێكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانیش، چۆنێتی خانەنشینبونی هێزە ئەمنیەكان و بڕی موچەكانیان ئاشكرادەكات، ڕاشیدەگەینێت، " لەسێ مانگی داهاتودا، پڕۆژەیاساكە تێدەپەڕێنین".
ئاواز حەمید ئەفەندی ئەندامی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "لیژنەكەمان پڕۆژەیاسایەكی تایبەتی لەبارەی خانەنشینی سەربازیی " ناوخۆو ئاسایش " ئامادەكردوە، بەیاسا ساڵانی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی و موچەكانیان ڕێكخراوە".
ووتیشی : "هەرچەندە تائێستا لەپەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساكە نەكراوەو بەوتەی وەزیری ناوخۆیش، لەئێستادا حكومەتی هەرێم قبوڵی نییە، بەڵام تاكۆتایی ئەم خولە " 30ی 9ی 2018 " لەپەرلەمان تێیدەپەڕێنین".
سەبارەت بەچۆنێتی خانەنشین بوونی سەربازیی و مووچەكانیان، ئاواز حەمید ئاشكرایكرد، " بەگوێرەی ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە، هەر موچەخۆرێكی وەزارەتی ناوخۆو ئاسایش تەمەنیان بگاتە 45 ساڵ و ماوەی 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت، ئەوە دەتوانن بەكۆی موچەكانیان " بنەڕەتی، دەرماڵە " خانەنشین بن".
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیكردەوە، " ئێستا هەر ئەفسەرێكی هێزەكانی ناوخۆ لەهەر پلەیەكی سەربازیدابێت و چەندە تەمەنیشیان هەبێت، ناتوانن خانەنیشن بن، چوونكە هەم موچەكانیان زۆر كەمدەبێتەوەو هەمیش ڕێگە بەخانەنشینبونیان نادرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە