پەیامی کورد... گەنجێکی دیکەی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا
شەهریار عادڵی، خەڵکی سەردەشت کە لەکاتی خۆشحاڵی و شادی دەربڕینی خەڵکی ئەو شارە بەبۆنەی دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەرامبەر ئامریکا دەستبەسەرکرا بوو، لە لەدەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) شەهریار عادڵی، تەمەن ٢٥ ساڵ کە لە کاتی خۆشحاڵی و شادی دەربڕینی خەڵکی سەردەشت بەبۆنەی دۆرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەرامبەر ئامریکا لە مۆندیالی قەتەر، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوو، چەند ڕۆژ دوای ئازادکرانی، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ماڵی باوک و دایکیدا گیانی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەهریار عادڵی، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە کاتی خۆشحاڵی و شادی دەربڕینی خەڵکی سەردەشت لەگەڵ باقی شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان بەبۆنەی دۆرانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بەرامبەر ئامریکا لە مۆندیالی قەتەر، لەکاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بووە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە ڕفێندرا.
شەهریار عادڵی دوای سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی لە ڕۆژی ١٢ی سەرماوەز، لەکاتێکدا زۆر بەتوندی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپایسەردەشت ئەشکەنجەکرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عادڵی لەمبارە ڕاگەیاند: "شەهریار عادڵی لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە و دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سەردەشت بردراوەتەوە بۆ ماڵ و لە کۆتاییدا شەوی پێنجشەممە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا."
ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، کە ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان ناچارکردووە کە هۆکاری مردنەکەی بە جەڵتەی دڵ ڕابگەیێینن هەروەها ڕۆژی هەینی لە جەوێکی ئەمنیدا ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو بەڕێوەچووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، ناوەندە حکومەتییەکان هەڕەشەی توندییان لە بنەماڵەی عادڵی کردووە کە نابێت هەواڵی گیان لەدەست دانی کوڕەکەیان میدیایی بکەنەوە و مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هیچ میدیایەکدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە