پەیامی کورد ... گەورەترین بەردی بناغەی پڕۆژەی پیشەسازی لە هەولێر دادەمەزرێت
لە ماوەی یەك ساڵدا، دەستەی گشتی وەبەرھێنان دەیان پڕۆژەی وەبەرھێنانی پەسەند كردووە، بەرپرسێكی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش ئاشكرای كرد، لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیەكی گەورەی پیشەسازی بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت.
موخلیس سەلیم، بەڕێوبەری گشتی یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان ، رایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی ٧ی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا لە دەستەی گشتی وەبەرھێنان ٢٢٠ پڕۆژە پەسەند كراون، واتە ئەو كەسانەی پڕۆژەیان ھەبووە و پێشكەش كراون و لەلایەن دەستەوە پەسەند كراون، كە دواتر رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێن، بۆ نموونە ئەگەر پڕۆژەكە پیشەسازی بێت، دەچێتە لایەنی پیشەسازی، ئەگەر كشتوكاڵی بێت، دەچێتە وەزارەتی كشتوكاڵ".
بەڕێوبەری گشتی یاسایی و كارگێڕیی دەستەی وەبەرھێنان دەشڵێت: "لەو ٢٢٠ پڕۆژەیەی پەسەند كراون لەلایەن حكوومەتەوە، پڕۆژەكان لە زۆربەی كەرتەكاندا پەسەند كراون و جێگەیان كراوەتەوە، بەڵام زیاتر لە ٦٠ پڕۆژەیان لە ھەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ بووە و پشكی شێریان بەركەوتووە".
موخلیس روونیشی كردەوە: "لەم هەفتەیەدا بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گەورەی پیشەسازی لە ھەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەڵام ووردەكاری ئاشكرا ناكەین تا پڕۆژەكە دەكرێتەوە و بەردی بناغەی بۆ دادەنێرێت، وەلێ پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرھێنانە و گرنگیی خۆی دەبێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە