پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

 

پەیامی کورد ... پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

 

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان بڵاوکردەوە.

 

 

دەقی راگەیاندراوەکە کە کۆپییەکی دەستی پەیامی کورد گەیشتووە بەم شێوەیە:

 

ئەمڕۆ دووشەممه (9/11/2020) لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسكردنی وەفدی هەردوولا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە تیشكخرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە كە بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیهان و عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

 

بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوە و ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سەرخستنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەكان.

 

دواتر وەفدی هەردوولا گفتوگۆی راشكاوانەو بەرپرسانەیان لەسەر كۆی پرسەكان كردو دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، هەردوولا كۆك بوون كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و هەموو تواناكانیان بخرێنەگەڕ بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخەو پشتیوانیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

 

بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو، هەردوولا كۆك بوون كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، ئەركی هەموو لایەكە.

 

هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەكان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دووپاتكردەوە و لەم رووەوە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنراو دووپاتی بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە كرایەوە.

 

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەنێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات كردەوە بەڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، لەم رووەوە هەنگاوەكان بەئەرێنی هەژماركران و دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكان كرایەوە و میكانیزمی گونجاو لەو رووەوە بڕیاری لێدرا.

 

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا،دووپاتی بەردەوامی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان

9/11/2020

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە