پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی سوید لە عێراق کرد
ڕۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە خاتوو جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵوێزی سوید لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکوومەتی عێراق تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە و جەختیش لە جێبەجێبوونی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال کرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵوێزی سوید لە عێراق ئەوەی خستە ڕوو کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی ژمارەیەکی زۆری جالیەی کورد و عێراقی خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا پەرەی زیاتر بستینێت. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاس گەل و حکوومەتی سویدی کرد کە هەمیشە لە ڕۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بە ڕووی گەلی کوردستاندا کردووەتەوە و پاڵپشتی دۆزی گەلی کوردستان بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە