قایمقامی قەزای سۆران ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو ڕۆژە سوپای توركیا پێشڕەویان بۆ ناوخاكی هەرێم كردووەو سێ كیلۆمەتر هاتوونەتە ناوچەكەوە.
كرمانج عێزەت، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ماوەی مانگ و نیوێكە سوپای توركیا چەند كیلۆمەترێك هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، لەسەر سنورەكانی نزیك ناوچەی خواكوڕك لە زنجیرە چیاكانی گوندی ڕووبارێك بە ئاڕاستەی گەلی ڕەش جێگیربوون”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی دوو ڕۆژە ئەم سوپایە دوو كیلۆمەتری دیكە پێشڕەویان كردووە، ژمارەی هێزەكانیشی زیادیكردووە تا ئێستا ڕوون نیە ئامانجەكەیان چیە.
قایمقامی قەزای سۆران وتیشی، “لەو ناوچەیەی سوپای توركیا پێشڕەوی كردووە، هەندێك سەنگەریان زیادكردووە، بە تانك و تۆپخانە و پشتیوانی دەكرێن، بەردەوامیش فڕۆكەكانی بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسوڕێنەوە “.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دۆخە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی زۆری لای خەڵكی ناوچەكە دروستكردووە چونكە لەو ناوچەیە چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە لەنێوان سوپای توركیاو هێزەكانی پەكەكە و وایكردووە خەڵكی ئەو ناوچەیە كاروبارییان سست ببێت و نەتوانن ڕوو لە كێڵگەكانیان بكەن .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە