ووتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، حزبەکەی لە هەموو لایەنێک زیاتر مافی ئەوەی هەیە، خۆی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق دیاری بکات و مانەوە لە پۆستێک لەلایەن حزبێکەوە بۆ چەندین ساڵ، ”بەو مانایە نایەت کە ئەو پۆستە هی ئەو لایەنەیە“.
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتیدا باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندییەکان لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣٠ی ئەیلوول ئەنجام دەدرێ، ”وەکوو زەروورەت باس کرا لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێ“، جگە لە بابەتی ناوخۆیی پارتی کە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لێژنەیەکی تایبەتمەندی پارتی هەندێک گۆڕانکاری بە پێویست زانیبوو. جگە لەوەی ”لە کۆبوونەوەکەدا بۆشاییەکمان لە مەکتەبی سیاسی پڕکردەوە کە هەبوو، عارف تەیفوور بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی“.
ڕوونیشی کردەوە کە گفتوگۆکانیان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت، تەوافوق و تەوازون ئەنجام دەدەن. ڕوونیشی کردەوە: ”لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ یەکێتی گەیشتینە ڕێککەوتن کە لێژنەیەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی پێک بێت تاوەکوو گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەین، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ئەم گفتوگۆیە دەکەن بەپێی بەرنامەیەک کە ئامادە دەکرێت. پێش هەڵبژاردن هەوڵێکی زۆر جددیمان دا و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش هەوڵمان دا، زۆر لەو لایەنانەی کورسی پێویستیان بەدەست نەهێناوە، ئامادەییان دەرنەبڕی لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشن لەبارەی چۆنیەتی ڕۆیشتن بۆ بەغدا، ئەمە نە لە سوودی خۆیان و نە لە سوودی خەڵکی کوردستانیشە“.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشەوە ووتەبێژی فەرمی پارتی دووپاتی کردەوە، ڤیتۆیان لەسەر هیچ کەسێک نییە و پێشتر ڕایانگەیاندووە. بەڵام بۆ بابەتی سەرۆک کۆمار، ئەوە ”پێشتر گوتوومانە کە ئەو پۆستە دەبێ گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، ئەگەر لایەنێک بەدەستیەوە بووە، مانای ئەوە نییە کە پۆستەکە هی ئەوە، دەبێ گفتوگۆ بکەین، ئەمجارە پارتی لە هەموو لایەنێک زیاتر مافی ئەوەی هەیە کە خۆی کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاری بکات“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە