پەیامی کورد ... کاتی کرانەوەی خوێندگاکان دیاریکرا و بڕیاری کرانەوەی دەرکرا
ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە خوێندنی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی دەستپێدەکاتەوە و خوێندنی قۆناغەکانی دیکەش بۆ سەرەتای مانگی ئازار دوادەخرێت، بەمەبەستی پێداچوونەوەش بەرێکارەکان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ٢ـی شوبات جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە.
جووتیار عادل، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە پێشنیازی خۆی سەبارەت شێوازی دەستپێکردنەوەی خوێندن لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێشکەشکرد، پێشنیازەکەی وەزارەتی پەروەردە پەسەندکرا و لەسەر ئەو بنەمایەش رۆژی شەممە ١٦ی ئەم مانگە خوێندنی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی دەستپێدەکاتەوە، خوێندنی قۆناغەکانی دیکەش بۆ مانگی ئازار دوادەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا پرسی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی هەرێم گفتوگۆی لەسەر کراو و سەرجەم وەزارەتەکان راسپێردران لەماوەی دوو هەفتەدا پلانی خۆیان لەبارەی خەرجی و داهاتەکانیان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی رەشنوسی بوودجە دەستپێبکات.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، لەسەر بابەتی رێکخستنەوەی کاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە پێویستە سەرجەم رێکارەکانیان لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا بێت، بەپێچەوانەوە رێگەبە کۆمپانیاکان نادرێت خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە