پەیامی کورد... بانکە نێودەوڵەتییەکان سزاکانی سەر ڕووسیا دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە
گرووپی بانکەکانی بەریتانیا HSBC و سۆسایەتی ژەنەراڵی فەرەنسی و بانکەکانی کۆریای باشوور پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی ڕووسیادا کەم دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدا سزاکانی ڕۆژئاوا دژ بە ڕووسیا دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی شەممە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەورووپا و کەنەدا سزای نوێیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، لەوانەش ڕێگە گرتن لە هەندێک لە بانکەکانی ڕووسیا تاوەکوو دەستیان نەگات بە سیستەمی دارایی سویفتی نێودەوڵەتی. ئەمەش لە ناوەندی هێرشەکەی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکراینا.
لە تێبینییەکی تایبەتی گرووپی بانکەکانی بەریتانیا HSBC کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ئاماژە بەوە دەدات چۆن سزا نوێیە جیهانییەکان بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ بکەن.
لە تێبینییەکەدا کە ڕێکەوتی 27 ی مانگی دووی لەسەرە، تیشک خراوەتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ئۆفیسی بەریتانیا بۆ کاروباری سزا داراییەکان و جێبەجێکردنیان مۆڵەتی بە بانکەکان داوە تاوەکوو " هەندێک لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکی ڤی تی بی ڕووسیادا کەم بکەنەوە." بانکی ڤی تی بی یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی ڕووسیا و بەهۆی سزاکانی بەریتانیاوە زیانی بەرکەوتووە.
HSBC یەکێکە لە گەورەترین بانکی دارایی لە جیهاندا و دووەم گەورەترین بانک و خاوەن قەرزە لە ئەورووپادا، هەروەها ڕۆڵێکی هەستیار و گرنگی هەیە لە سیستەمی بانکیی جیهانیدا و دوورخستنەوەی بانکەکانی ڕووسیا لە HSBC زیان بە ڕووسیا دەگەیەنێت.
دوو بانکی گەورەی کۆریای باشووریش بە هەمان شێوە بازرگانییە داراییەکانیان لەگەڵ لانی کەم حەوت بانکی ڕووسیدا ڕاگرت.
بانکی سۆسایەتی ژەنەراڵی فەرەنسا وتی " سەرجەم ڕێوشوێنەکانی بۆ سەپاندنی سزا نوێیەکان گرتووەتە بەر."
بانکی دۆیچەی ئەڵمانیاش کە گەورەترین بانکی ئەڵمانیایە وتی ماڵپەڕێکی دروست کردووە بۆ یارمەتیدانی هاوبەشەکانی تاوەکوو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سزاکانی سەر ڕووسیادا بکەن. لە ماڵپەڕەکەدا زانیاری بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە کاریگەریی سزاکان و گۆڕانکارییەکان لە حەواڵە نێودەوڵەتییەکاندا.
ڕاوێژکاری باڵای گرووپی The Asia هان شین لین وتی بەشە نێودەوڵەتییەکانی بانکە چینییەکان چاودێری پەیوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵ بانکەکانی ڕووسیادا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە