هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان شكستی هێنا

هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان شكستی هێنا

دوای سەرنەكەوتنی هیچ كام لە كاندیدان لە هەڵبژاردنی یەكەم، ئەمشەویش دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، بەهۆی درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە لە نێوان پەرلەمانتاران شكستی هێناو دواخرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاتێكی تر هەڵگیرا، ئەمەش دوای ئەو گرژییەی لە نێوان پەرلەمانتارانی هەردوو فراكسیۆنی عەزم و تەقەدومی سوونە مەزهەب درووستبوو.

لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، (سالم عیساوی) كە لەلایەن هاوپەیمانی عەزمەوە پشتیوانی لێدەكرا (158) دەنگی بەدەستهێناو (مەحمود مەشهەدانی)، كە لەلایەن هاوپەیمانی تەقەدومەوە پشتیوانی لێدەكرا (137) دەنگی هێنا، بەڵام هیچ كامیان سەرنەكەوتن.

هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە گەڕی دووەمەوە، چونكە كاندیدی سەركەوتوو بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پێویستە لە (66%) ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.

لە سەروبەندی گەڕی دووەمی پڕۆسەكە فراكسیۆنی تەقەدوم داوای كرد دانیشتنەكە هەڵبگیرێت، لەو كاتەشدا گرژی و ئاڵۆزی لە هۆڵی پەرلەمان درووستبوو، (هەیبەت حەلبوسی) ئەندامی فراكسیۆنی تەقەدوم و (موسەننا سامەڕائی) ئەندامی فراكسیۆنی عەزم كردیان بە شەڕو بەوهۆیەوە دانیشتنەكە هەڵگیراو هەڵبژاردنەكە دواخرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە