وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە
پەیامی کورد... وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیسانی رابردوودا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد ، لە مانگی نیساندا ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە و داهاتەکەی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە.
باسی لەوەش کردووە، بەرهەمی رۆژانەی نەوت بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٨٨ هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە و بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت بە ٧٩ دۆلار و ٤ سەنت فرۆشراوە.
ئەوەشی خستووتەڕوو، ئەو بڕە بەرمیل نەوتە لە کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمهێندراوە و نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنییەوە نەفرۆشراون.
لە مانگی ئازاریشدا عێراق ١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشت و داهاتەکەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بوو.
لە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە لەبارەی نایاسایی بوونی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی هەرێم نەوتی رادەستی بەغدا کردووە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووەتەوە.
فهرهاد عهلادین راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا جیهانییەکان باسی لەوەکرد، لە سەرەتادا تورکیا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی دواخستووە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی ئەو ١.٥ ملیار دۆلارەی وەک غەرامە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاش ئەوەی ریککەوتننەکە نەکراوە تورکیا پێی وتوون بەهۆی کێشەی هونەرییەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت ناکەنەوە، دەشڵێت، "رەنگە ئێستا هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاری لەپێشینەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بێت و سەقاڵی کێشەی بۆرییە نەوتەکان نەبن."