TR KU SO
FB X
Cîhan

بەپەلە ... گەورەترین ئۆپراسیۆنی مێژوویی بە هاوکاری گەلی کورد و ئەمریکا ئەنجامدرا

سارا
Yazar
📅 27 Ekim 2019 16:51

پەیامی کورد    ...   مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " رایگەیاند، لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "ئۆپراسیۆنێکی مێژوویی و سەرکەوتوومان" ئەنجامدا. 

ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات " هەسەدە " لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی وەکو ئاماژەیەک بۆ کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش نووسیویەتی، "ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی و سەرکەوتوومان لە ئەنجامی کارێکی هاوبەشی هەواڵگریدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەنجامدا". 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەک باڵای پێنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا لە هێرشێکدا لە رۆژئاوای سوریا ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعشی کردوەتە ئامانج.

بڕیارە لەوبارەیەوە کاتژمێر نۆی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی واشینتۆن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەینراوێک بڵاوبکاتەوە، کە کۆشکی سپی راگەیندراوەکەی بە "لێدوانێکی گرینگی سەرۆکی ئەمریکا" ناوبردوە. 

لای خۆیەوە گۆڤاری نیوز ویکی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ناو سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوی داعش لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانیاندا کوژراوە.

ئەوە یەکەمجارنیە هەواڵی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاودەکرێتەوە، پێشتریش لە ساڵەکانی 2017 و 2018 شدا لەلایەن هەریەکە لە وەزارەتەکانی وڵاتانی رووسیا و عێراق کوژرانی بەغدادیان راگەیاندبوو.

ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوێکە کە بوەتەھۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی هێرشی ئەو رێکخراوەوە لە عێراق و سووریا ئاوارە و بێماڵ بوون، هاوکات دەیانی شاری مێژوویی و ئائینی لە عێراق و سووریا خاپووربوون.

Paylas: