حکوومەتی عێراقی بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە هێزێکی نوێ لە شەنگاڵ دەرکرد
پەیامی کورد ... بڕیارە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ھێزێکی دیکەی تایبەت بە شەنگال پێک بێت. چالاکێکی کوردی ئێزدیش دەڵێ، جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھەبوونی ھەر ھێزیکی دیکە ڕەوشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.
کاوە خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین، تایبەت بە کوردانی یەزیدی، ڕایگەیاند: "بڕیارە ھێزێکی نوێ بۆ دەڤەری شەنگال پێک بێت، زۆر ھێزی عێراقی لە ھەوڵدان بۆ پێکهێنانی ھێزێکی دیکەی تایبەت بە شنگال، بەڵام پێم وایە بەھۆی زیادبوونی ھێزی سەربازییەوە ڕەوشی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، چوونکە ھەمووی ئەو ھێزانەی ئێستا لە شەنگالن، ھێزی نایاسایین."
سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین دەڵێت: "ھەر ھێزێک لە عێراق ھەبێت پشکی لە شەنگالدا ھەیە، واتە ھەموو لایەنەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان دەستیان خستووەتە نێو ڕەوشی شەنگالەوە. ھەبوونی ھەر ھێزێک لە شەنگال، جگە لە ھێزی پێشمەرگە، زیان بە کوردانی یەزیدی دەگەیەنێت."
کاوە خەتاری ئاماژەی کرد: "نووسینگەی کاروباری کوردانی یەزیدی لە شاری مووسڵ دەکرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و چالاکانی دەڤەری شەنگال داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، ئەوانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام پێویستە نووسینگەکە سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ بیت و نابێت ھیچ ھێزێک دەست بخاتە نێو نووسینگەکەوە و وەک حکوومەت خزمەتی کوردانی یەزیدی بکات."