هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ كاركردن لەكەرتی غاز لەدانوستاندایە
پەیامی کورد... هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ كاركردن لەكەرتی غاز لەدانوستاندای
حكومەتی هەرێمی كوردستان سورە لە گەیاندنی بۆریی غاز بۆ ماڵان و راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەتیش جەختدەكاتەوە، غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەباو گەیاندنی بە ماڵانیش سود لە غاز وەردەگیرێت.
بێوار خنسی راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بە كەرتی غاز بدات و بەهۆی هەبونی رێژەیەكی زۆری غاز لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستاندا، هەرێم لە توانایدایە رۆژانە بەرهەمێكی باشی غازی هەبێت و جگە لەپێداویستی ناوخۆ، هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكات و تەنانەت بۆ عیراقیش غاز دابین بكات، ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ سود وەرگرتن لە غاز.
لەبارەی دابینكردنی غازی ماڵانیش راوێژكارەكەی سەرۆكی حكومەت وتویەتی: لەچوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەكانی غازدا بڕیاروایە بەشێك لەو غازەی بەرهەم دێت لەهەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان لەڕێگەی بۆرییەوە بگەیەنرێتە ماڵان و وەك چۆن ئاو بۆ ماڵان دابین كراوە، غازیش بە هەمان سیستم بگەیەنرێتە هاووڵاتیان.
رونیشیكردۆتەوە: هەرێمی كوردستان ئایندەیەكی گەشی هەیە لە داهاتودا بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی غاز، بەپێی پلانی حكومەت جگە لە فرۆشتنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەباش سود لە غاز وەردەگیرێت، دانوستانیش لەگەڵ چەندین كۆمپانیای جیهانی كراوە بۆ كاركردن لە كەرتی غازی هەرێمی كوردستاندا.