سوریا؛ تەقینەوەی مینێک بووە هۆی کوژرانی ١٦ کەس
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە بە پاسێکی هاوڵاتییانی سڤیلدا لە رەققەی باکووری ئەو وڵاتە، 16 کەس کوژراون.
روانگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاسەکە 20 سەرنشینى تێدا بووە و ئەو کەسانە لە پاش گەڕانەوەیان لە کۆکردنەوەی دوومەڵان، تووشی ئەم رووداوە بوون.
باس لەوەشکراوە، ئەو ناوچەیەی رووداوەکەی تیادا روویداوە، بەشێوەیەکی بەرچاو رێکخراوی داعش تیایدا بەربڵاوە، پێشتریش حاڵەتی لەوشێوەیە هەبووە و بەهۆیەوە دەیان کەسی دیکە کوژراون.
تەنیا لە شەشی ئازارى ئەمساڵدا، لەکاتی گەڕانەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی لە کۆکردنەوەی دوومەڵان، لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە هێرشیانکرایەسەر و 18 کەسیان کوژران.
لایەنی بەرپرسیار لە ناوچەکە چەندینجار هۆشداریداوە بە هاوڵاتییان، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دوومەڵان، چونکە بەراورد بە قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە، دوومەڵان بە نرخێکی بەرز دەفرۆشرێت و خەڵک بۆ بژێویی ژیانی ئەو کارە مەترسییە دەکات.