ئەمریکا و سێ دەوڵەتی دیکە لەناوچەیەکی کێشەلەسەری چین مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن
رۆژی شەممە، 6ی نیسان، لە راگەیەندراوێکدا وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا، ئوستراڵیا، ژاپۆن و فلیپین ئاماژەیان بەوەکرد، سبەینێ یەکشەممە، لەباشووری دەریای چین مانۆڕێکی سەربازیی ئاسمانی و دەریایی ئەنجامدەدن.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزیرانی بەرگریی ئەو چوار دەوڵەتەدا هاتووە، لەپێناوی ئازادی و کرانەوەی زەریاری هێمن و هیندیدا، هێز و توانای یەکگرتووی خۆیان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی نیشاندەدەن.
ئاماژەشیان بەوە کردووە، سبەی چالاکییەکی سەربازیی بەهێز لە زۆنی تایبەتی ئابووری فلیپین ئەنجامدەدەن.
مانۆڕە سەربازییەکان لە دەریای باشووری چین ئەنجامدەدرێن کە پەکین بەتەواوەتی بە موڵکی خۆی دەزانێت و هەڕەشەی دەستوەردان دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکی دیکە کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵیی نێوان ئەمریکا، ژاپۆن و فلیپین ئەنجامدەدرێت و چینیش هۆشداریی لەبارەی ئەنجامەکانی دەدات.