TR KU SO
FB X
Cîhan

عێراق لە هاوردەکردنی دانەوێڵە و پاقلەمەنی تورکیا پلەی یەكەمی گرتووە

Arsalan
Editor
📅 09 Haziran 2024 19:59

 

سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەرتی دانەوێڵە و پاقلەمەنی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، عێراق لە پلەی یەکەمی لیستی هاوردەکارانی دانەوێڵە و پاقلەمەنی تورکیادایە.

ئەمرۆ یەك شەمە 9_ی حوزەیران_ی 2024 ئەحمەد تریاکی سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەرتی دانەوێڵە و پاقلەمەنی تورکیا رایگەیاند، هەناردەکردنی دانەوێڵە و پاقلەمەنی تەنها لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەرێژەی ٪٢٥.٤ زیادی کردووە و لەو نێوانەشدا هەناردەکردن بۆ عێراق بە رێژەی ٪١١.٦ زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پێشبینی دەکەن بەهۆی فراوانی رووبەری چاندن و بارانبارینی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، بەرهەمی گەنم بگاتە زیاتر لە ٢١ ملیۆن تەن.

باسی لەوەش كرد، لەئێستادا تورکیا لە بەرزترین ئاستی رێژەی هەناردەکردندایە، بەوپێیەی ئاستی هەناردەی مانگانەی دانەوێڵە بە رێژەی ٪١٣.٨ بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستی هەناردەیە بەراورد بە سەرجەم کەرتەکانی دیکەی وڵاتەکە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەدوای عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی دووەمی هاوردەکارانی دانەوێڵەی تورکیادایە و رێژەکەی گەیشتووەتە ٪٨.٥، هاوکات هەناردەی پسکیت و بەرهەمەکانی دیکەی وەک ئەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٠٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار، هەناردەی گەنم گەیشتووەتە ٦٠٣ ملیۆن دۆلار و هەناردەی رۆنی رووەکیش گەیشتووەتە ٥٩٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار.

Paylas: