چوارچێوەی هەماهەنگی : نووری مالکی تاقە کاندیدی ئێمەیە و درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتەکەی سوودانی ڕەت کرایەوە
پەیامی کورد ... چوارچێوەی هەماهەنگی : نووری مالکی تاقە کاندیدی ئێمەیە و درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتەکەی سوودانی ڕەت کرایەوە
هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتایی یان بە دەنگۆی درێژکردنەوەی تەمەنی حکوومەتی ئێستای عێراق هێنا و جەختیان لەسەر کاندیدکردنی نووری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کردەوە.
عەبدۆلسەمەد زەرکووشی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، هیچ بڕیار و ڕێککەوتنێکی بەرایی بۆ مانەوەی موحەمەد شیاع سوودانی بۆ ساڵێکی دیکە لە ئارادا نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە سۆشاڵ میدیا و هەندێک ماڵپەڕ، تەنها وەک "شیکاری بێ بنەما" وێنا دەکرێن و لە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی دا باس نەکراون.
زەرکووشی دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی هێزە شیعییەکان جێگیرە و نووری مالکی وەک "تاکە کاندید و کۆتا بژاردە" بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی نوێ دەمێنێتەوە. ووتیشی، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندی بڕیاری پێشووی خۆیانن و هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەڕێگەی ئەوان دا بۆ قۆناغی داهاتوو ڕووی نەداوە.