تاڵیبان : لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا، هاوکاری ئێران دەکەین و ڕێگەش نادەین خاکمان بەکاربهێندرێت
تاڵیبان : لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا، هاوکاری ئێران دەکەین و ڕێگەش نادەین خاکمان بەکاربهێندرێت
حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی هەر گرژییەکی سەربازی ئەگەری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕاگەیاند. تاڵیبان لە پەیامێک دا کە دوو ئاڕاستەی جیاوازی هەیە، لەلایەک پشتیوانی خۆی بۆ تاران دەردەبڕێت و لەلایەکی دیکەشەوە دڵنیایی دەداتە ووڵاتانی دراوسێ.
لەم چوارچێوەیەدا، زەبیحۆڵڵا موجاهید، ووتەبێژی تاڵیبان، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە "ئەفغانییەکان ئامادەن لە سنووری تواناکانیان دا هاوکاری و هاوسۆزییان بۆ ئێران هەبێت." موجاهید هیوای خواست شەڕ ڕوونەدات و ئاماژەی بەوەدا کە ئێران توانای بەرگریکردنی لە خۆی هەیە و پێشینەی سەرکەوتنی لە شەڕدا هەیە.
هاوکات، محەمەد یەعقووب، وەزیری بەرگری تاڵیبان، جەختی لەسەر پەیامی ئاشتیخوازانەی ئەفغانستان کردەوە و ووتی : "ئەفغانستان نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک و ڕێگە بە بەکارهێنانی خاکەکەمان بۆ زیان گەیاندن بە ووڵاتانی تر نادەین." ناوبراو ئاماژەی بە کراوەیی ووڵاتەکەی کرد بۆ پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ دراوسێیەکان، بەڵام دووپاتی کردەوە کە سیستەمی ئێستای ئەفغانستان سەربەخۆیە و "ژێردەستەی هیچ دەوڵەتێکی تر نییە."
ئەم هەڵوێستە نوێیەی تاڵیبان لە کاتێک دایە کە هەوڵەکانی بۆ نزیک بوونەوە لە تاران چڕکردووەتەوە، دوای قۆناغێک لە پەیوەندی ئاڵۆز. بەم لێدوانانە، تاڵیبان دەیەوێت خۆی وەک هێزێکی هاوپەیمانی ووڵاتانی دژ بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا نیشان بدات و ئەو گومانە بڕەوێنێتەوە کە ڕەنگە بنکە سەربازییەکانی پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان دژی ئێران بەکاربهێندرێن.