TR KU SO
FB X
Cîhan

لانیکەم چوار هاووڵاتیی ئەمریکی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا کوژراون

Rozan Ateş
Yazar
📅 09 Ekim 2023 15:15

پەیامی کورد... لانیکەم چوار هاووڵاتیی ئەمریکی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا کوژراون


ئاژانسێكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، لە شەڕی چەكدارانی حەماس و ئیسرائیلدا، لانیكەم چوار هاووڵاتیی ئەمریكی كوژراون و ژمارەیەكیش بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە 9/10/2023، ئاژانسی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی بڵاوی كردووەتەوە، لانیکەم چوار هاووڵاتیی ئەمریکی لە شەڕی چەکدارانی حەماس و ئیسرائیلدا لە نزیک کەرتی غەزە کوژراون، سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، زیاتر لە چوار کەس بن.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، جگە لەو چوار هاووڵاتییە ئەمریكییەی كوژراون، تا ئێستا حەوت هاووڵاتیی دیکەی ئەمریکی بێسەروشوێنن و دیار نییە ئایا کوژراون، یان بە دیل گیراون، بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام هەوڵ دەدەن زانیاری لەسەر چارەنووسی ئەم کەسانە بەدەست بهێنن.

دوێنێ یەكشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕای گەیاند، كە وڵاتەكەی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییانەی باس لە ونبوون و کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی لە ئیسرائیل دەكەن.

لای خۆیەوە دوێنێ ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، کە ژمارەیەک ئەمریکی لەناو ئەو دەیان كەسەدا هەن، کە لە غەزە بە بارمتە گیراون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە 7/10/2023، چەكدارانی حەماس بە هەزاران مووشەك هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و پاشان چوونە نێو كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونی دەوروبەری غەزە و ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەكەی دایەوە و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.

Paylas: