TR KU SO
FB X
Cîhan

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کامپی هۆل کوژراون

Rozan Ateş
Yazar
📅 29 Haziran 2022 17:18

پەیامی کورد... لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کامپی هۆل کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا دەڵێت، لە ١٨ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کامپی هۆل کوژراون، داواش لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییەکانیان لەو کامپە بگەڕێننەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندین جار بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی دۆخی مەترسیداری ئەو کامپەی شاری حەسەکە هۆشداری بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو و، داوای لێکردبوون هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە و بارگرانی سەر هەسەدە سووک بکەن.

عمران ڕیزا، هاوئاهەنگی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە ١٠٦ کەس لەنێو کامپی هۆڵدا کوژراون و تاوەکوو دێت کەمپەکە مەترسیدارتر دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە منداڵانی نێو کەمپەکە گیرۆدەی ژیانێکی بێ داهاتوو بوون.

کامپی هۆل لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت و بڕیار بوو کامپێکی کاتی بێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان، کامپەکە بووەتە بارگرانییەکی درێژخایەن بەسەر شانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە.

ئێستا نزیکەی ٥٦ هەزار کەس لە کامپەکەدان؛ زۆربەیان سووری و عێراقین، کە هەموویان کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشن.

عمران ڕیزا کە چەند جارێک سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریای کردووە، ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ بە ڕۆژنامەوانانی گوت، نزیکەی ٩٤٪ی خەڵکی نێو کامپی هۆل ژن و منداڵن.

هەروەها گوتیشی: «ئەوە شوێنێکی زۆر ناخۆشە و تا دێت ناسەلامەتتر دەبێت» و ئاماژەی بەوەش کرد کە «لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە ١٠٦ کەس لە نێو کەمپەکەدا کوژراون» کە «ژمارەیەکی زۆریان» ژن بوون.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریش دەدات کە «توندوتیژییەکی زۆر لەسەر بنەمای ڕەگەز هەیە.»

عمران ڕیزا دەڵێت، ٢٧ هەزار هاووڵاتی عێراقی، ١٨ هەزار تاوەکوو ١٩ هەزار سووری و ١٢ هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی دیکە لەنێو کەمپی هۆل هەن.

عمران ڕیزا باس لەوەش دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو وڵاتان هان دەدات دەست بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بکەن و «پێویستیشە ڕازی بن هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.»

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دۆخی مرۆیی سووریا بە گشتی بەرەو خراپتربوون دەڕوات و گوتی: «١٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیییە، واتە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ژمارەیان ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس زیاتر بووە. ئەوە بەرزترین ژمارەیە لە سەرەتای ململانێکەوە تۆمار کرابێت.

Paylas: