پۆمپێئۆ لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە بەرپرسان و پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا
پەیامی کورد ... دوێنێ چوارشەممە مایک پۆمپێئۆ بەسەردانێکی ڕانەگەێندراو گەیشتە بەغدا و گەڕی سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی عێراق کردوو پاشان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند، هیچ ڕێگرییەك دروست نابێت لەبەردەم كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا، سەرەڕای هەڕەشەكانی توركیا بۆ هاوپەیمانە كوردەكانی واشینتۆن، ووتووشیەتی، " پەیمانێك هەیە بۆ پاراستنی كوردەكان".
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دوێنێ بەڕێوەچوو دڵنیای كردوونەتەوە کە بڕیارە لە ناكاوەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا جێبەجێ دەکرێت.
مایك پۆمپێئۆ لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڕاسپێردراوە كە گرینگی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ڕوون بكاتەوە .
بڕیارەکەی ترامپ نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە و هاوکات هەریەکە لە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژبە داعش دەستیان لەکارکشایەوە.
هەروەها لە رۆژئاوای کوردستان ، نیگەرانی هێزە کوردییەکانی لێکەوتەوە بەتایبەت کە ئەو هێزانە هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا و پێکەوە توانیان ڕووبەڕێکی فراوانی باکوری سووریا و رۆژهەڵاتی فورات لە دەستی داعش دەربهێنن.
واشینتۆن چەندینجار دووپاتیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانە كوردەكانیان پارێزراودەبن سەرەڕای كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا، بەڵام تورکیا هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا کە لەلایەن واشینتۆن-ەوە پشتگیری دەكرێت بە دوژمن ناودەبات، و چەندینجاریش ڕایگەیاندووە، ئۆپراسیۆن دژی ئەو هێزانە ئەنجامدەدات.
هەروەها رونیشیکردەوە، "گرنگە ئەوەی لەتواناماندایە بیكەین بۆ گرەنتی پاراستنی ئەو هێزانەی هاوپەیمانن لەگەڵماندا، راستە ئەردۆغان هەڕەشەی کردووە و ئاگادارە چی وتووە".