پەیامی کورد... کچە بڵۆگەرێکی عێراقی لەلایەن باوکییەوە کوژرا
پەیامی کورد... کچە بڵۆگەرێکی عێراقی لەلایەن باوکییەوە کوژرا
کچێکی عێراقی بە ناوی تیبە عەلی کە کەسایەتییەکی ناسراوی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە، پاش ئەوەی لە ئیستەنبوڵەوە گەڕاوەتەوە عێراق، لەلایەن باوکیەوە کوژرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە: تیبە عەلی ماوەیەک لە ئیستەنبوڵ ژیاوە و لە ئەوێ گەنجێکی سوریی بەناوی محەممەد سامی ناسیوە، کە دواتر داوای هاوسەرگیریی لەگەڵدا کردووە.
ئەوەش هاتووە: تیبە ویستوویەتی ڕەزامەندیی خانەوادەکەی بەدەستبهێنێت، هەربۆیە خێزانەکەی لە بابەتەکە ئاگادارکردووتەوە، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون، دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق، باوکی بە پاساوی "پاککردنەوەی شەرەف" کوشتویەتی.
لای خۆیەوە ڕێکخراوی Isen بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەبارەی ئەو ڕووداوەوە ڕایگەیاند: "تیبە پێشتر بەهۆی ئەوەی لەلایەن براکەیەوە گێچەڵی سێکسیی پێکراوە، لە خانەوادەکەی دورکەوتووەتەوە و چووەتە تورکیا، کاتێکیش محەممەد شامی داوای هاوسەرگیریی لێکردووە، هەرچەندە خۆی ڕازی بووە، بەڵام خانەوادەکەی ڕەتیان کردووەتەوە".
ئەوەشخراوەتەروو: سەرەڕای ئەوەی لەلایەن خانەوادەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە، بەڵام ئەو بۆ سەردانی جامی کەنداو 25 هاتووەتە عێراق.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، پێشتر تیبە سکاڵای یاسایی لەسەر باوکی تۆمار کردووە و تۆمەتباری کردووە بە ئەوەی ههرڕەشەی لێکردووە.
بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، دوای ئەوەی خانەوادەکەی بە زۆر لە بەغداوە بردویانەتە دیوانیە، باوکی تیبەی خنکاندووە و دواتر خۆشی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.